بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگا شاخنشینەکان لە ڕێگەی گەشەپێدانی بەردەوام، زیادکردنی وەبەرهێنانی کەرتی گشتی و تایبەت، هەروەها بۆ پەرەپێدانی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکانی کەشوهەوا و پاراستنی گیانداران، هەرێمی كوردستان بووە ئەندامی هاوبەشی هاوپەیمانیی چیاكانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان.
لە ڕۆژی 11ی کانوونی یەکەمی 2024دا كە ڕۆژی جیهانیی چیاكان بوو، بۆ یەكەم جار لەم ڕۆژەدا هەرێمی کوردستان بوو بەئەندامی فەرمیی هاوپەیمانییەتیی هاوبەشی چیاکان، کە هاوپەیمانییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و تایبەتە بە باشترکردنی ژیانی کۆمەڵگە شاخاوییەکان.
بۆ ئەم مەبەستە یەکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە هەرێمی کوردستان، لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند (لە ڕۆژی جیهانیی چیاکاندا، هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە ئەندامییەتیی فەرمیی خۆی لە هاوبەشی چیاکان ڕادەگەیەنێت، کە هاوپەیمانییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و تایبەتە بە باشترکردنی ژیانی کۆمەڵگە شاخاوییەکان و پاراستنی ژینگەی چیاکان لەسەر ئاستی جیهان).
هەرێمی کوردستان بە پەیوەستبوون بەم هاوپەیمانییەوە، بەشدار دەبێت لەگەڵ هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگا شاخنشینەکان لە ڕێگەی گەشەپێدانی بەردەوامەوە.
ئەم پابەندبوونەش خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و ئابووریی دانیشتوانی چیاکان مسۆگەر دەکات، لەگەڵ پاراستنی بەردەوامبوونی ئیکۆسیستەم و سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤ و هەسارەی زەوی.
ئەم هاوپەیمانییە کە لە ساڵی 2002ەوە دامەزراوە، هاوپەیمانییەکی خۆبەخشانەی حکوومەت و ڕێکخراوەکانە، كە پێکەوە کار دەکەن بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی چیاکان، ئەمەش لە ڕێگەی تۆڕێکی جیهانیی شارەزایان و سەرچاوەی جیاوازەوە، كە دەستپێشخەرییەكە بۆ چارەسەری ئاستەنگە ژینگەیییەکان بەرجەستە دەکات، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و ئیکۆسیستەمی بەردەوام لە ناوچە شاخاوییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. بەیان سامی عەبدوڕەحمان ڕاوێژکاری باڵای مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە چیاکانی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاون لە ناسنامە و کولتوور و کەلەپوورمان.
پەناگە بوون و سەرچاوەی ئاون. گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە کۆمەڵگە چیانشینەکان دەکات و هەمەجۆریی زیندەوەر دەخاتە مەترسییەوە.
هەروەها بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی چیاکان کار دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە کۆمەڵگای چیاکان دەتوانن خۆ بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و بە بەردەوامی بژین.
داواشی لە زانکۆکان کردووە توێژینەوەی ئاست بەرز ئەنجام بدەن لەبارەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئیکۆسیستەمی چیاکان.
هەرێمی کوردستان پاش ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو پەیوەندیی بەم هاوپەیمانییەوە کرد، کەیسی چیاکان و ڕۆڵی گرینگیان بۆ هەمەجۆری زیندەوەر، ئاو و سەرچاوە دارستانییەکان بەجیهانی دەرەوە گەیاندووە.
لە کۆنفرانسی COP29شدا لە ئازەربایجان، شاندی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە گفتوگۆ و پانێڵی جیاوازدا کرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بابەتەوە، لەوانەش دەستپێشخەریی نێودەوڵەتیی کەشوهەوای کرایۆسفیەر (ICCI) کە تێیدا گفتوگۆ کرا لەسەر گرینگیی سەهۆڵ و شەختە و بەفری سەر چیاکان، هەروەها چارەکردنی کاریگەرییە بەردەوامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەریان، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئامانجی ڕێککەوتننامەی پاریسیش كرایەوە بۆ ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە 1.5 پلەی سەدی.